شاعیر: شێرکۆ بێکەس
کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو
سەرناو: گفتوگۆیەکی ساکار

لە بازاڕدالە مێرد منداڵێکم پرسی
- نوقڵت ئەوێ یان شیعرێکی
ترش و شیرین! 
-نوقڵ
«کرێکارێک سەری هێنابووە پێشەوە»
«دەم و چاوی هەر لە پەنجەکێشی ئەچوو»
- ئەی تۆ نامیلکەیەکی سیاسی تازە و گەرم
یان کولێرەیەک لە دەمی مردوو ساردتر؟ 
- کولێرەیەک. 
-ئەی تۆ دایکە ڕەشپۆشەکە؟ 
ئاگردان و نێڵە نێڵی تەندووری ناو
پەیڕەوی هەموو حیزبەکان! 
یاخود تەنەکەیەک نەوت؟ 
- نەوت.. نەوت! 
دوایی بە هەرسێکیانم وت: 
نوقڵی تاڵ و
سەرمای تاڵ و
نانی تاڵ و
ئاوی تاڵ و
یاخود عەزیا و چاوی بەعس و
پێکەنینی «ئەبو نەدا»؟ ! 
«وەختێ لێیان ورد بوومەوە»
وەکوو برسییەتی گرژ بوون
وەکوو بازاڕ سارد بوونەوە و
بەدەم ڕۆیشتنەوە وتیان
- بڵێ مەرگ و زەهری مار و
هەر ئەوان نا!